ئه‌وان
بۆ بستێ خاکی نیشتمان و زه‌ڕه‌یه‌ک له واتای ئازادی
گیانی خۆیان به‌خت کرد.
به بۆنه‌ی ساڵڕۆژی شه‌هید بوونی په‌پووله‌یه‌ک...
کام یه‌ک له ئێمه هه‌یه ڕۆژی له دایک بوونی خۆی نه‌زانێت؟ له‌وانه‌یه ساڵڕۆژی له دایک بوونی هاوسه‌رو مناڵه‌که‌یشمان له بیر بێت. هه‌ر وه‌ها ساڵڕۆژی مردنی باوک، دایک، خوشک، برا یان که‌سێکی نزیکمان له بیر ناچێت.
ئێمه ساڵڕۆژی هه‌موو ئه‌و شتانه‌مان له بیره‌و له‌وانه‌یشه مۆمێک به‌و بۆنانه‌وه داگرسێنین. به‌ڵام کام له ئێمه ساڵڕۆژی شه‌هید بوونی شه‌هیدێک ئه‌زانین؟
کام ڕۆژی کام مانگ بوو که هاوڕێکه‌ت، دراوسێکه‌ت، خزمه‌که‌ت، هاوشاریه‌که‌ت یان هاووڵاتییه‌که‌ت شه‌هید کرا؟
ئایا مۆمێکت بۆ یادی داگرساند؟ سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌که‌ییت کرد؟
ڕۆژێ له ڕۆژان ده‌ست و قاچی دایکیمان ماچ کرد؟ یان تاجه گوڵینه‌یه‌کمان کرده ملی؟
شه‌هیده‌کان ئه‌و ده‌سته مرۆڤانه‌ن که هانگاوێک، دوان پێشتر له شۆڕش بوون، ئه‌وان له ڕیزی پێشی پێشه‌وه‌ی خه‌باته‌وه گه‌مه‌یان به مه‌رگ ده‌کرد.
به درێژایی مێژوو بۆ هه‌ر چه‌شنه جووڵانه‌وه‌یه‌کی ئینقلابی، گۆڕانی سیسته‌می حوکومه‌تی یان گۆڕانی باروودۆخی واقعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی شه‌هید پێویست بوه. ئه‌مه ته‌نها بۆ گه‌لی ئێمه نیه‌و نه‌بوه، له هه‌موو دونیا، هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان سه‌رده‌مێک بۆ گه‌یشتن به مافه‌کانیان شه‌هیدیان داوه. شه‌هید بوون ئیتر ئه‌و په‌ڕی له خۆ بوردوییه بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌ستی دیاری کراو. ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجه مافه ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بێت بێ گومان شه‌هاده‌ت ئه‌گاته ئاستێکی ئێجگار به‌رز. گه‌لی ئێمه هه‌میشه مرۆڤگه‌لی له خۆبردوو و ئازای زیاتری بوه که ئاماده‌ی به‌خت کردنی گیانیان بوون. به‌ڵام ده‌سخۆشی ئێمه چی بوه له‌وان؟
له ئورووپا کاتێ به هۆی وه‌رگه‌ڕانی قه‌تارێکه‌وه 20 یان 30 که‌س تیا ئه‌چن، خه‌ڵکی ئه‌و شاره هه‌موو ساڵێ به یادی ئه‌و کاره‌ساته‌وه‌و بۆ ڕێز لێنان له گیانی ئه‌و که‌سانه، گوڵ ده‌به‌نه سه‌ر گۆڕی قوربانیه‌کان. ئه‌مه له کاتێکدایه که ئه‌و کاره‌ساته له دنیای ئه‌مڕۆدا شتێکی زۆر نا ئاسایی نیه‌و ئه‌و که‌سانه‌ش که ده‌مرن له‌وانه‌یه مرۆڤگه‌لێکی زۆر ئاسایی بن. کاتێ له ئه‌مریکاش به بۆنه‌ی کاره‌ساته‌که‌ی زانکۆی ڤیرجینیاوه مۆم ڕۆشن ئه‌کرێت، هه‌ر وایه.
به‌ڵام ئایا شه‌هیده‌کانی ئێمه وه‌هان؟
کاتێ مرۆڤێک ده‌ست له ماڵ و حاڵ و ژیان و خێزانی خۆی هه‌ڵده‌گرێت و بۆ مسۆگه‌ر کردنی مافه‌کانی من و تۆ گیانی ده‌خاته گیرفانی، دڵنیام له گه‌ل موسافرێکی قه‌تار یان خوێندکارێکی زانکۆ به‌راورد ناکرێ! مردنه‌که‌شی هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌راورد ناکرێ!
تۆ هاوڕێیه‌کت نیه شه‌هید بووبێت؟ خزمێکت نیه شه‌هید بووبێت؟ دراوسێ؟ ماڵێ له دوو خیابان له‌و لاتره‌وه؟ بنه‌ماڵه‌یه‌ک له‌و په‌ڕی شاره‌وه؟ بنه‌ماڵه‌یه‌ک له دێهاتێکی ئه‌و په‌ڕی ئه‌و په‌ڕه‌وه؟
بست به بستی ئه‌م خاکه شه‌هیدێکی تیا نێژراوه، به‌ڵێنی ئه‌خلاقی و یاسای سروشتیی مرۆڤایه‌تی پێت ئه‌ڵێ که نابێ له بیریان بکه‌یت، که ده‌بێ ڕێز له یادو بیره‌وه‌رییه‌کانیان بگریت، که ده‌بێ سه‌ری ڕێز‌و ئیحترام بۆ بنه‌ماڵه‌کانیان دانه‌وێنیت.





ویستم هه‌واڵی کوشتنی کاسبکارێکی تر له یه‌کێ
له دێهاته‌کی ئه‌م ده‌وره بنووسم، دوکمه‌کانی کیبۆردی کۆمپیته‌ره‌که‌م به په‌نجه‌کانی
ده‌ستمیان وت: بۆ؟ بۆ ئه‌ینووسی؟ ئه‌ینووسی که چی؟ ئه‌م هه‌موه‌ت نووسیوه چ که‌ڵکێکی
بوه؟ به ڕاستی بۆ؟؟؟