مه‌ریوان ڕۆژانێکی نائارام تێپه‌ڕ ده‌کات. ده‌نگی ته‌قاندنی تۆپه‌کان هه‌موو شه‌و و ده‌مه‌و به‌یانیه‌ک ئه‌مانخاته بیری مێژوویه‌کی نه زۆر دوور‌و داهاتوویه‌کی نادیار.
هه‌موو به‌یانیه‌ک هێزێکی زۆر له سپا‌و جاشه تازه‌کان (به جلی پێشمه‌رگه‌وه) به ئیمکاناتێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی نیزامیه‌وه به‌ره‌و سنووره‌کانی باشماخ و هه‌ورامان و شوێنه‌کانی تر ده‌چن.
خاڵی پشکنینی پشت زرێبار که جاران له ده‌ستی هێزه‌کانی ئینتیزامی دا بوو ئێستا سپای پاسداران ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوه‌و به شێوه‌یه‌کی زۆر ورد و به سه‌رنجه‌وه هه‌موو ماشینه‌کان ده‌پشکنن. هه‌موو پایه‌گا کۆنه‌کان سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دان کراونه‌ته‌وه‌و پڕ کراون له هێزی سوپا، ئه‌مه له کاتێکدایه هه‌موو ڕۆژێک ده‌نگۆی سووتاندن و لێدانی پایه‌گایه‌ک ده‌بیستین به تایبه‌ت له‌و گوندانه‌ی که دوورن له شار. به پێی وته‌ی گوندنشینان هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت هه‌ندێ وه‌خت بێ مه‌به‌ست و له خۆڕا به‌ره‌و کێفه‌کانی ده‌وروبه‌ر تۆپ و مووشه‌ک ده‌ته‌قێنن. ئه‌وان به‌م کاره‌یان جیا له‌وه‌ی ئاسایشیان له دێهاته‌کان سه‌ندوه، هه‌موو دار‌و ده‌وه‌نی ناوچه‌که‌شیان خراپ کردوه.
له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا له نێوان ئاوایی به‌رده‌ڕه‌شه‌و ئێنگیجه (دوو ئاوایی پشت زرێبار) سپا پایه‌گایه‌کی گه‌وره‌ی به ئیمکاناتی نیزامی زۆره‌وه دامه‌زراند. هه‌ر له خوار ئه‌و پایه‌گایه‌وه خه‌وگه‌یه‌کی دواناوه‌ندی تێدایه که قوتابیانی ئاواییه‌کانی ده‌وروبه‌ر له‌وێ ده‌ژین. حه‌فته‌ی ڕابردوو به هۆی ته‌قاندنی تاونه‌تاوی تۆپه‌کانی سوپا ئاسایش و هێمنی له‌و قوتابیانه حه‌رام کرابوو و هه‌موویان له ده‌نگی ناحه‌زو تۆقێنه‌ری ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه بێزار ببوون، هه‌ر بۆیه به‌رپرسی ئه‌و خه‌وگه‌یه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی چووبوه لای یه‌کێ له فه‌رمانده‌کانی پایه‌گاو داوای لێ کردبوون که ئیتر واز له‌م کارانه‌یان بێنن با لانی که‌م قوتابیان بتوانن ده‌رسه‌کانیان بخوێنن، به‌ڵام به‌داخه‌وه فه‌رمانده‌که ته‌نها وه‌ڵامێک که دابوویه‌وه ئه‌وه بوو که هه‌رکه‌س پێی ناخۆشه‌و عاجز ده‌بێت با لێره بڕوا‌و ناوچه‌که به جێ بێڵێت. هه‌ر له حه‌فته‌ی ڕابردوودا هێزه‌کانی پاسه‌وانی سه‌رسنوور له پشت ئاوایی "لێو" نزیکه‌ی ۳۰ چاروای کاسبکارانیان کوشتوه.
شایانی باسه به هۆی قه‌راری هاتنی خامنه‌یی بۆ مه‌ریوان بارودۆخێکی ئه‌منی ئێجگار توند‌و تۆڵ زاڵه به‌سه‌ر شاردا.
+ نووسراوه له لایه‌ن بنار له
Wed 13 May 2009 |