نامه‌ی ژماره 1 ی كاسبكارانی مانگرتووی مه‌ریوان
خه‌ڵكی كوردستان وه‌ک خه‌ڵكێكی زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌ری‌كراو له ڕه‌نج و داهاتی خۆی به بیانووی جۆراوجۆری بێ‌بنه‌ما و نایاساییه‌وه، زۆربه‌ی كات له ژێر گوشاری ئابووریدا بوون. له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتی نه‌گریسی ڕه‌زاخان و حه‌مه‌ڕه‌زای كوڕیدا، به بیانووی دروست كردنی حكوومه‌تێكی ناوه‌ندیی به‌هێزه‌وه و بۆ په‌ره‌پێدانی ناوچه ناوه‌ندییه‌كانی ئێران، بووژاندنه‌وه‌ی ئابووریی ناوچه‌كانی‌تری ئێران(وه‌ک كوردستان) پشت گوێ خرا. پاش ڕووخانی ڕژێمی گۆڕبه‌گۆڕی شا، به‌داخه‌وه هه‌مان سیاسه‌ت ئه‌مجار به بیانووی پاراستنی ئه‌منییه‌ته‌وه له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامییه‌وه درێژه‌ی پێ دراوه. پاش ئه‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری نه‌هامه‌تییه‌كانی شه‌ڕی ئێران-ئێراق به سه‌ر كوردستاندا هات، پاش شه‌ڕ خه‌ڵكی چاوه‌ڕوانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ماڵی كوردیان ده‌كرد، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و چاوه‌ڕوانییه پاش بیست ساڵ هێشتا نه‌هاتۆته دی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش ئێستا كه خه‌ڵكی به‌ش‌مه‌ینه‌تی كوردستان، كه ده‌ستیان له هاوكاری و سه‌رمایه‌گوزاریی حكوومه‌تی ناوه‌ندی شۆردۆته‌وه و به به‌های له مه‌ترسی خستنی گیانی خۆیان ڕێگایه‌كیان بۆ په‌یدا كردنی بژیوی خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه كه‌چی ئه‌مه‌یش له ژێر ناوی كالا قاچاخ و كاری ئابووریی نایاساییدا هه‌موو كات له لایه‌ن هێزه‌كانی ئینتیزامی و سوپای پاسدارانه‌وه كه‌وتۆته ژێر گوشار. هه‌ل‌و‌مه‌رجێكی ئێجگار سه‌یر كه ئه‌م كاربه‌ده‌ستانه به سه‌ر خه‌ڵكییاندا سه‌پاندووه ئه‌وه‌یه كه له جێی ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی خۆیان به قه‌رزداری ئه‌و خه‌ڵكه بزانن كه كه‌مترین هه‌وڵێكیان بۆ په‌ره‌پێدانی ناوچه‌كه نه‌داوه، خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌یان هه‌میشه به تۆمه‌تی قاچاخ قه‌رزدار كردووه و له كوشتن و ئه‌تک كردن و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یان سڵیان نه‌كردۆته‌وه. ته‌نانه‌ت بۆ دواخستنی خه‌ڵكی كوردستان هیچكات نه‌یانهێشتووه كه ناوچه كوردنشینه‌كان خاوه‌نی ڕێگا و بانێكی شیاو بن. ئاشكرایه كه نه‌بوونی ڕێگاوبانێكی شیاو، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه هات‌وچۆ بۆ كوردستان كه‌م ببێته‌وه و ئابووریی كوردستان داخراوتر بمێنێته‌وه. ئه‌مه‌یش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یه كه ساڵانه زۆرێک له هاووڵاتییان به هۆی خراپی ڕێگاوبانه‌وه گیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ده‌بێت بزانن كه كاروانچییه‌تی یان به وته‌ی خۆیان قاچاخ به‌رهه‌می بێكاری و نه‌بوونی پیشه‌سازی و لاواز بوونی كه‌رته‌كانی‌تری ئابوورییه كه خۆیان یه‌كه‌م به‌رپرسی دروست‌بوونی ئه‌و هه‌ل‌و‌مه‌رجه‌ن. ده‌نا بۆ ده‌بێت ماڵیات و گومركێک كه له هاووڵاتییان وه‌رده‌گیرێت یان سامانی سروشتیی ناوچه‌كان له ئه‌سفه‌هان و تاران‌دا سه‌رفی بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری بكرێت له كاتێكدا له ناوچه‌كانی ئێمه سه‌رفی ئه‌و هێزانه بكرێت كه شه‌و و ڕۆژ ئاسایشی هاووڵاتییان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه؟ ئێمه دڵنیاین كه برسی كردنی خه‌ڵک و ناچار كردنیان به قبووڵی هه‌موو جۆر سووكایه‌تییه‌ک، پاراستنی ئه‌منییه‌ت نییه به‌ڵكوو ئامانج و مه‌به‌ستی‌تری له پشته. هه‌ر بۆیه‌ش به مافی خۆمانی ده‌زانین بپرسین كه ئایا سزای كه‌سێک كه بۆ په‌یداكردنی بژیوی خۆی له سه‌ر سنوور كار ده‌كات كوشتن یان لێدان و ئه‌تک كردنه؟ ئایا سووتاندن و ڕه‌شه‌كوژیی چوارپێ و وڵاخ، پاراستنی ئه‌منییه‌ته؟ ئایا ئه‌و منداڵه‌ی كه ده‌بێت ئێستا له فێرگه‌دا بێت به‌ڵام له به‌ر برسییه‌تی كۆڵبه‌ری ده‌كات قه‌رزداری ئێوه‌یه و ده‌بێت ئازاری بده‌ن؟ ئایا ئه‌و پیره‌مێرد و پیره‌ژنه‌ی كه مافی ژیانێكی ئاسووده‌ی هه‌یه و ده‌بێت بحه‌سێته‌وه به‌ڵام هێشتا بۆ په‌یداكردنی بژی‌و ده‌بێت گیانی خۆی له مه‌ترسی بخات، ده‌بێت ئازار بدرێت و ئه‌تک بكرێت؟ ئێمه دڵنیاین كه ده‌ستانێک له كار دایه بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان نائه‌من بكه‌ن و نائه‌من بنوێنن تاكوو دیسان به بیانووی نائه‌منییه‌وه پاره‌ی هاووڵاتییان سه‌رفی ئه‌و هێزانه بكرێت كه به‌واتا ئه‌منییه‌ت بپارێزن.
ئه‌م وه‌زعه گه‌ر له شوێنێكدا كۆتایی پێ نه‌یێت بۆ هه‌میشه خۆی دووپات ده‌كاته‌وه و ده‌زانین چاره‌سه‌ریی كاتی و نیوه‌چڵ ته‌نیا برسییه‌تی بۆ خۆمان و منداڵه‌كانمانی به شوێندا دێت. بۆیه ئێمه خه‌ڵكی كاسبكاری مه‌ریوان به داخستنی دوكان و بازاڕ ده‌نگی ناڕه‌زاییی خۆمان له‌م وه‌زعه ده‌رده‌بڕین و تا ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه به‌دی نه‌یێت له سه‌ر مانگرتنی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین.
1- ئاسایی كردنه‌وه‌ی بێ مه‌رجی خاڵی سنووریی باشماخ
2- دادگایی كردنی تاوانبارانی كوشتنی خه‌ڵكی سه‌ر سنوور
3- قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ماڵی كوژراوان
4- دادگایی كردنی تاوانبارانی كوشتن و سووتاندنی چوارپێ باربه‌ره‌كان
5- قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌و چوارپێیانه
6- چاكسازی له ڕێگه‌وبانی نێو كوردستان و ئه‌و ڕێگایانه‌ی كه كوردستان به شوێنه‌كانی تری ئێرانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
داوایش له هه‌موو ڕۆشنبیران و مامۆستایانی قوتابخانه‌كانیش ده‌كه‌ین كه پشتیوانیی خۆیان بۆ ئه‌م مانگرتنه‌مان ده‌رببڕن. هه‌روه‌ها له جه‌ماوه‌ری شاره‌كانی‌تری كوردستان داوا ئه‌كه‌ین كه به هانامانه‌وه بێن كه ئه‌مه چاره‌نووسی ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی ئه‌وانیشه.
+ نووسراوه له لایه‌ن بنار له
Wed 4 Mar 2009 |