ئـه‌و هـه‌واڵـه‌ی ئـاسـایـی بـوه‌تـه‌وه بـۆمـان!!!
ژنێک خۆی ده‌سووتێنێت و مێرده‌که‌شی له کاتی سه‌یر کردنیدا واز له قلیان
کێشانه‌که‌شی ناهێنیت، کچێکی چوارده ساڵان کاتێ باوکی پێی ده‌زانێت پێوه‌ندی هه‌یه له ته‌ک کوڕێک هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێ ده‌کات، بۆیه پێش ئه‌وه‌ی باوکی ده‌ستی پێی بگات خۆی ده‌کوژێت، له ڕۆژێکی خۆره‌تاوی وه‌کی هه‌موو ڕۆژه‌کانی تر جه‌سته‌ی دوو خوشک له سه‌ر زرێباردا ده‌دۆزرێنه‌وه، کچێکی هه‌ڵیزاوایی براکه‌ی ته‌وری لێده‌دات و پاش چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک ده‌مرێت و ئاویش له ئاو ناترازێت، ژنێک له کانی دینار سه‌ری له له‌شی جودا ده‌کرێته‌وه‌و هیچ که‌سیش نه‌چوه پرسه‌ی، ژنێک دوای ئه‌وه‌ی مێرده‌که‌ی ئاگری تێ به‌ر ده‌دات له قاتی سێیه‌می ماڵه‌که‌ی ده‌یخاته خوارێ، ئێستا ئه‌و کابرایه که‌س وه‌ک مرۆڤ کوژێک بۆی ناڕوانێت، قیت و قۆز و سه‌ربه‌رز ده‌ژیه‌ت! ..... چیرۆکی کوشتن و خۆ کوشتنی کچان و ژنانی کورد چیرۆکێکی تازه نیه!
ئه‌و هه‌واڵه‌ی باسی ده‌که‌م گه‌رچی تازه نیه، گه‌رچی نائاسایی نیه، هه‌رچه‌نده باش ده‌زانم ئه‌وانه‌ش که باوه‌ڕمان به یه‌کسانی مافی ژن و پیاو هه‌یه ئه‌و شتانه‌مان بۆ ئاسایی بوه‌ته‌وه به‌ڵام هه‌ر دایده‌نێم، له به‌ر ئه‌وه‌ی داهاتوه‌کان بزانن مێژوویان چ مێژوویه‌کی چه‌په‌ڵ بوه. له به‌ر ئه‌وه‌ی چینی داهاتوو به له‌عنه‌تمان بکه‌ن بۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ڕوویان دا‌و سه‌ری کزمان داخست و هیچ ده‌نگێکمان هه‌ڵنه‌بڕی.
ڕۆژی شه‌ممه ۲۲‌ی گوڵان کچێکی خه‌ڵکی ئاوایی مۆڵێنان (یه‌کێک له دێهاته‌کانی کۆماسی) به هۆی خۆسووتاندنه‌وه گیانی له ده‌ست دا.
حه‌سیبه موردادی ته‌مه‌ن ۲۲ ساڵ سێ ڕۆژ پێش مردنی ئاگری له جه‌سته‌ی خۆی به‌ر‌دابوو و دوای سێ ڕۆژ له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی شاری سنه به هۆی خراپی باری ته‌ندروستیی گیانی له ده‌ست دا. باوکی حه‌سیبه ۴ ساڵ له‌مه‌و پێش به ده‌ستی خوشکه زایه‌کی خۆی کوژراوه‌و دوای ئه‌وه‌ش دایکی شوویه‌کی تری کردوه‌ته‌وه، بۆیه حه‌سیبه به‌خێو کردنی ۳ براو ۳ خوشکی که‌وتبوه ئه‌ستۆ.




