تبليغاتX
بنـــــار
ئه‌مه‌ش چاره‌نووسی سینه‌ماکه‌ی مه‌ریوان

تاقه‌ سینه‌مکاه‌ی مه‌ریوان

+ نووسراوه‌ له‌ لایه‌ن بنار له‌ Wed 2 Jan 2008 |

ماڵپه‌ڕی ئه‌نسارو حیزبوڵا

"داگیرکه‌رانی ئه‌مریکایی له‌ عێراق به‌ پێی به‌رنامه‌یه‌کی ئۆرگانیزه‌ کراو له‌ پێنج ساڵی ڕابردوودا ده‌ستیان داوه‌ته‌ هه‌وڵێکی به‌ربڵاو بۆ گۆڕینی که‌لتووری ڕه‌سه‌نی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق.

به‌ پێی ڕاپۆرتی جه‌هان زۆربوونی جله‌ ته‌نکه‌کانی ئافره‌تان له‌ فرۆشگه‌کان و په‌ره‌ سه‌ندنی ئارایشگه‌کانی مۆدی قژو، هاتنی ڕۆژ له‌ ڕۆژ زیاتری که‌ل و په‌لی ئارایشی بڵاوکردنه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نی و فیلمی نائه‌خلاقی نموونه‌گه‌لی ته‌شه‌نه‌ پێدانی فه‌سادو له‌شفرۆشی، چه‌کداره‌کانی ئه‌مریکایه‌ له‌ کوردستان.

سونه‌ت و که‌لتووری خه‌ڵکی کورستان که‌ مێژوویه‌کی دێرینه‌ی هه‌یه‌و خاوه‌ن شارستانیه‌تێکی کۆنه‌، ئه‌مڕۆ بوه‌ته‌ قوربانی ئاڵوگۆڕه‌ زۆره‌ملیه‌کان له‌ عێراقداو که‌سانی دڵسۆز به‌ که‌لتووری ناڕه‌حه‌ت کردوه‌، ئه‌وان مه‌ترسی له‌ ناو چوونی سونه‌ت و که‌لتووری خۆیان ده‌که‌ن.

چه‌کداره‌کانی ئه‌مریکایی له‌ ڕێگه‌ی دیپلۆماته‌کانی خۆیانه‌وه‌ به‌ خۆڕایی سیدی نا ئه‌خلاقی و هه‌روه‌ها ڕسیڤری ماهواره‌ به‌ نرخێکی زۆر هه‌رزان پێشکه‌ش به‌ خێزان و لاوه‌ کورده‌کانی عێراقی ده‌که‌ن. بڵاو کردنه‌وه‌ی فیلمی نائه‌خلاقی له‌ سینماکانی کوردستانی عێراق و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی جل و به‌رگی لاوه‌کانی کورد به‌شێکی تره‌ له‌ کاره‌کانی چه‌کداره‌کانی ئه‌مریکا."

 

ئه‌م وتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بابه‌تێک بوو له‌ ژێر ناوی "تووی فه‌سادو له‌شفرۆشی له‌ کورستانی عێراقدا" که‌ له‌ حه‌فته‌نامه‌ی"یالثارات" ژماره‌ ۴۵۵ ی چوارشه‌ممه‌ ۵ی به‌فرانبار چاپ کراوه‌. یالثارات بڵآڤۆکی ئه‌نسارول حیزبوڵای ئێرانه‌.

ئه‌م بابه‌ته‌ هیچ بنه‌مایه‌کی ڕاستی نیه‌و به‌ درۆ خستنه‌وه‌ی زانیاریه‌کانیشی خۆی له‌ خۆیدا بایه‌خدانێکه‌ به‌و بابه‌ته‌، بۆیه‌ زۆر له‌ سه‌ر گشتی ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ناچم. به‌ڵام یه‌ک شت که‌ زیاتر ئه‌توانێت ده‌قێکی کۆمێدی بێت تا هه‌واڵێک بۆ ڕۆژنامه‌یه‌کی سه‌ده‌ی ۲۱ ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ باسی ڕسیڤری ماهواره‌ ده‌کات.

ڕسیڤری ماهواره‌ ئامێرێکی ئه‌لکترۆنیه‌ بۆ وه‌رگرتنی وه‌شانی کاناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌کان و ڕادیۆیه‌کان له‌ ڕێگه‌ی شه‌پۆله‌ ئاسمانیه‌کانه‌وه‌. ئامێرێک که‌ ئێستا له‌ زۆرێ شوێنه‌کانی دونیا (لانی که‌م له‌ باشووری کوردستان) وه‌ک که‌لوپه‌لێکی پێویستی ماڵ چاوی لێده‌کرێت.

جا خاڵی ته‌نزی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ ده‌ڵێت چه‌کداره‌کانی ئه‌مریکایی ئه‌م ئامێره‌ به‌ نرخێکی زۆر هه‌رزان پێشکه‌ش ده‌که‌ن به‌ کورده‌کانی باشوور.

+ نووسراوه‌ له‌ لایه‌ن بنار له‌ Mon 31 Dec 2007 |

پێشمه‌رگایه‌تی له‌ خۆرهه‌ڵات نیوز دا

وتوووێژێک له‌ گه‌ڵ "کامیل نه‌جاڕی" یه‌ک له‌ دامه‌زرێنه‌رانی خۆرهه‌ڵات نیوز

 

"هه‌واڵ پێداویستی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌".- دوکتور کازم موعته‌مه‌د نژاد

یه‌ک له‌و شتانه‌ی کورد له‌ گه‌لانی ده‌وروبه‌ر دواکه‌توه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕاگه‌یاندنه‌. وه‌ک ڕاستیه‌ک کورد به‌ نیسبه‌ت گه‌لانی دراوسێ و به‌ گشتی خه‌ڵکانی دونیا که‌مترین ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی هه‌یه‌.کۆمه‌ڵناسه‌کان کاتێ بیانه‌وێت ئاستی شارستانیه‌تی کۆمه‌ڵگایه‌ک بزانن یه‌ک له‌و شتانه‌ی سه‌رنجی ده‌ده‌ن ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزانن له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا چه‌ن ڕۆژنامه‌ هه‌یه‌ یان چه‌ند کاناڵی ڕاگه‌یاندن کار ده‌کات.

باروودۆخی دونیا به‌ کوردستانیشه‌وه‌ له‌ چاو ساڵانی ڕابردوو گۆڕدراوه‌ ئه‌م گۆڕانه‌ کاریگه‌ریی له‌ سه‌ر ڕاگه‌یاندنیش هه‌بوه‌. ئێستا دیارده‌یه‌ک به‌ ناوی ئینتێرنێت هاتوه‌ته‌ مه‌یدانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ که‌ به‌ خێراییه‌کی زۆر خه‌ریکی ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنه‌. باس کردن له‌ باشی و ناباشیه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆ که‌ڵک وه‌ر گرتن له‌ ڕاگه‌یاندن له‌ تاقه‌تی ئه‌م پێشه‌کیه‌دا نیه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئینتێرنێت بۆ ڕاگه‌یاندن  به‌ نیسبه‌ت کورده‌وه یه‌ک باشی هه‌بوه‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ نووسه‌ری کورد به‌م دیارده‌یه‌ ئاسانتر ئه‌توانێت خۆی بشارێته‌وه‌، یان لانی که‌م سه‌ختتر ده‌ناسرێت. ئه‌م نه‌ناسینه‌ له‌ باری ئه‌منیه‌وه‌ بۆ نووسه‌ری کورد به‌سته‌رێکی ئه‌من درست ده‌کات که‌ به‌ جۆرێک باوه‌ڕپێکراویه‌کی نیسبی لای دروست ده‌بێت. بۆ میله‌تێکی بن ده‌ستی وه‌کوو کورد ئه‌مه‌ خاڵێکی باش و ده‌رفه‌تێکی له‌باره‌.

خۆرهه‌ڵات نیوز

له‌ یه‌ک ساڵی ڕابردوودا کاناڵێک به‌ کاناڵه‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی کوردی زیاد بوو و که‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی ئینتێرنێتی دا تا ئاستێک جیاواز بوو، ئه‌وه‌ی باسی ده‌که‌م ماڵپه‌ڕی خۆرهه‌ڵات نیوزه‌.هه‌ر خوێنه‌رێکی کورد سه‌ردانی ئینتێرنێتی کردبێت و به‌ شوێن هه‌واڵی کوردیدا گه‌ڕابێت ناوی خۆرهه‌ڵات نیوزی بیستوه‌.خۆرهه‌ڵات ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ بوو که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا باڵای کردو له‌ ڕاگه‌یاندنی کوردیدا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند.‌

به‌ڵام ئایا هیچ بیرمان کردوه‌ته‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ کێن؟ چۆن به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن؟ کێ پشتیوانی مادی و مه‌عنه‌وی ده‌کات؟.....؟  بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌و زۆر پرسیاری تر دیمانه‌یه‌کم له‌ گه‌ڵ یه‌ک له‌ دامه‌زرێنه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕی خۆرهه‌ڵات نیوز سازکرد. که‌ ئه‌ویش به‌ڕێز "کامیل نه‌جاڕی"ه‌.

کامیل نه‌جاڕی"کامیل نه‌جاڕی" ئه‌ندازیاری عومران، خه‌ڵکی شاری بۆکانه‌. حه‌زێکی زۆری له‌ ئه‌ده‌بیاته‌ و له‌ پێوه‌ندیه‌شدا ده‌ستی داوه‌ته‌ وه‌رگێڕانی شێعری شاعرانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کورد بۆ سه‌ر زمانی فارسی و له‌ وێبلاگێکدا بڵاویان ده‌کاته‌وه‌. کامیل ماوه‌ی ده‌ ساڵ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆکان بوه‌و یه‌ک ساڵ و سێ مانگیش ( له‌ به‌هاری 1383 تا هاوینی 1384 ی هه‌تاوی) به‌رپرسی ئه‌و ئه‌مجومه‌نه‌ بوه‌و ئێستاش له هه‌ولێر له‌ په‌یمانگای ته‌کنیکی وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌. له‌مه‌ زیاتر له‌ سه‌ر که‌سایه‌تی کامیل نادوێم و ده‌چمه‌ سه‌ر پرسیاره‌کانم سه‌باره‌ت به‌ خۆرهه‌ڵات نیوز؛

بنار: ماڵپه‌ڕی خۆرهه‌ڵات نیوز له‌ چ  ‌به‌روارێکدا دامه‌زراوه‌و هۆکاری دامه‌زراندنی ئاوا ماڵپه‌ڕێک چی بوو؟

کامیل نه‌جاڕی: ماڵپه‌ڕی خۆرهه‌ڵات له‌ ڕاستیدا به‌شێک بوو له‌ پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی ناوه‌ندێکی ڕۆشنبیری بۆ کوردانی ڕۆژهه‌هه‌ڵاتی دانیشتووی باشوور، به‌ تایبه‌ت دانیشتوانی هه‌ولێر. . "ناوه‌ندی خۆرهه‌ڵاتی نوێ بۆ دیموکراسی"، ئه‌وه‌ ناوی ناوه‌نده‌که‌ بوو.  ئێمه‌ ساڵی پار به‌ ته‌مای دامه‌زراندنی وه‌ها ناوه‌ندێک بووین، سیازده‌ مانگ له‌مه‌و به‌ر 5 که‌س بووین به‌م ناوانه‌، ۱- کامیل نه‌جاڕی ۲- فیرووز مه‌یحه‌می (مامۆستای ڕاگه‌یاندن له‌ په‌یمانگای ته‌کنیکی) ۳- مادێح ئه‌حمه‌دی ۴- مامه‌ند ڕۆژ (ئه‌ڵبه‌ت مامه‌ند له‌ سلێمانی ده‌ژیا) ۵- حسام ده‌ست پیش.

پرۆژه‌ی ناوه‌نده‌که‌مان ئاماده کردو بۆ وه‌رگرتنی پشتگیری و یارمه‌تی و ئیجازه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و ناوه‌نده‌ شوێن نه‌ما نه‌چین، هه‌ر له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریه‌وه‌ تا دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و ماڵی سه‌رۆک په‌رله‌مان و...هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ پێمان وابوو ده‌توانن یارمه‌تیمان بده‌ن و پشتگیریمان لێ بکه‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ وه‌ک که‌سانێکی بیانی هه‌ڵسوکه‌وتمان له‌ گه‌ڵ کرا. به‌ پێشنیاری براده‌رێک له‌ پێشدا ماڵپه‌ڕێکمان دانا ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌ پێی یاسای هه‌رێم ماڵپه‌ڕ پێویستی به‌ ئیجازه‌ی هیچ شوێنێک نیه‌. له‌سه‌روبه‌ندی کاره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی دروست کردنی ماڵپه‌ڕه‌که (ژانویه‌ی 2006) دا به‌ ڕێکه‌وت چاومان که‌وت به‌ وه‌زیری وه‌رزش و لاوان باسی پرۆژه‌ی دامه‌زرانی ناوه‌نده‌که‌و ماڵپه‌ڕکه‌مان کرد بۆ جه‌نابی وه‌زیر کرد ئه‌و زۆر به‌ گه‌رمی پێشوازی و داوای لێ کردین سه‌ردانی وه‌زاره‌ت بکه‌ین و ڕاوێژکاری ناوبراو بۆ کاروباری ڕێکخراوه‌کان ببینین. سێ حه‌وتوو دواتر ڕاوێژکاری ناوبراومان بینی، ئێمه‌ پرۆژه‌ی ناوه‌نده‌که‌مان ئاماده‌ بوو و ده‌چووینه‌ هه‌ر شوێنێک نوسخه‌یه‌کمان پێ ئه‌دان. وزیری وه‌رزش و لاوان به‌ڵێنی هاوکاری پێ داین، نوسخه‌یه‌کی پرۆژه‌که‌مان به‌ ئه‌ویش دا، ئه‌و گوتی ده‌بێ بینێرین بۆ وه‌زاره‌تی ناو خۆ بۆ وه‌رگرتنی موجه‌وه‌ز، به‌ڵام به‌ڵێنی دا به‌ پشتگیری وه‌زاره‌ت حه‌تمه‌ن ناوه‌نده‌که‌مان وه‌ڕێ ده‌که‌وێت. تەنانەت ئێمە هەر ئەو کات سێ بەرنامەمان بە هاوکاریی وەزارەتی وەرزش و لاوان بەڕێوەبرد کە بریتی بوون لە : ۱- سمینارێک لەسەر راپۆرتی بیکەرـ هامیلتۆن کە بە بەشداریی مامۆستایانی زانکۆ لە زانکۆی سەلاحەدین بەڕێَوە چوو ۲- بە یەکەمجار لە باشووری کوردستان و لە دەرەوەی حیزبی دێموکرات کۆڕێکمان بۆ بەرز راگرتنی یادی ۲ی رێبەندان لە هۆڵی رۆشنبیریی هەولێر بەڕێوە برد. ۳- لە سەر پرسی کەرکووک و دەستێوەردانەکانی تورکیا لە هۆڵی رۆشنبیریی زانکۆ سمینارێکمان بەڕێوە برد. هەموو ئەو بەرنامانەش بە هاوکاریی وەزارەت بەڕێوە چوو. له‌ سه‌ر به‌ڵێنی وه‌زیری وه‌رزش و لاوان ئێمه‌ ده‌ستمان دایه‌ دامه‌زراندنی ماڵپه‌ڕو هه‌ر وه‌ها خانوویه‌کیشمان به‌ کرێ گرت و لە رۆژی 25/1/2006 خۆرهه‌ڵات نیوزمان ڕێخست و یەکەم هەواڵیشمان دەسگیر کرانی رۆژنامە نووسی کورد عەدنان حەسەنپوور .ئێمه‌ پێمان وابوو ناوه‌نده‌که‌ به‌م زوانه‌ داده‌مزرێت و له‌ بوودجه‌ی ناوه‌ند کرێ خانوو و خه‌رجی تر ده‌ده‌ین.

 

‌ ئه‌و پێنج که‌سه‌ی پێشتر باسم لێ کرد دواتر سێ که‌سیان هه‌ر یه‌ک به‌ هۆیه‌که‌وه‌ لێمان جودا بوونه‌وه‌، حسام پاش دوو مانگ ده‌ستبه‌کاربوونی ماڵپه‌ڕه‌که به‌ چه‌ند هۆیه‌که‌وه‌ که‌ پێویست ناکا ئاماژه‌یان پێ بکه‌م لێمان جودا بوویه‌وه‌، مادێحیش هه‌ر چوار مانگ له‌ گه‌ڵمان بوو و ئه‌ویش به‌ دوای ژیانی خۆی که‌وت، مامه‌ندیش که‌ دوور بوو و لێمان و نه‌یده‌توانی ئه‌و جۆره‌ی که‌ ئه‌شێ هاوکاریمان بکات که‌وایه‌ مایه‌نه‌وه‌ دوو که‌س، هه‌ڵبه‌ت دواتر که‌سانێکی تر پێوه‌ندیان پێوه‌ گرتین و یارمه‌تیان داین. کاک فه‌رهاد ئه‌کبه‌ری کاک فەرهادی ئەکبەری کە خەڵکی شاری سنەیە زیاتر لە ۱۱ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بووە و لە رۆژنامەی کوردستان ئیشی کردووە لە پاش ئینشیعابی حیزبی دیموکرات لەگەڵ هیچ کام لەو دوو لایەنە نەکەوت و وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و بوو بە هاوکارمان، ناسر فه‌تحی کوڕێکی بۆکانی بوو، کاتی خۆی خوێندکاری به‌شی معماری زانکۆی زه‌نجان بوه‌ که‌ کێشه‌یه‌کی سیاسی بۆ پێش هاتوه‌و له‌ زانکۆ ده‌رکراوه‌،ناسر به‌رپرسی گۆڤاری منداڵان بوه‌و حه‌وتوویه‌ک پێش ئینسعاب وازی له‌ پێشمه‌رگایه‌تی هێنابوو، ئه‌و دوای پێشمه‌رگایه‌تی له‌ سلێمانی داده‌نیشت، ناسر هاته‌ هه‌ولێرو له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ به‌ڕێکه‌وت و له‌ شه‌ش مانگی ڕابردوودا یه‌ک له‌ سه‌ره‌کیترین به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕه‌که‌ بوو. هێرش ناسری، پێشتر پێشمه‌رگه‌ بوه‌و سێ ساڵ بوو که‌ وازی له‌ پێشمه‌رگایه‌تی هێنابوو ‌و هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژنامه‌کانی هاووڵاتی و ئاسۆ له‌ سلێمانی کاری کردوه‌، ئه‌ویش دواتر بوو به‌ هاوکارمان.

گورووپه‌که‌مان ئه‌مجاره‌ ئاوه‌ها ڕێکه‌وته‌وه‌، ئێستا با بێمه‌وه‌ سه‌ر ناوه‌ندی ناوبراو. وه‌ک وتم له‌ سه‌ر به‌ڵێنی وه‌زیری وه‌رزش و لاوان بوو که‌ ئێمه‌ خانوویه‌کمان گرت و خۆرهه‌ڵات نیوزمان تێدا به‌ڕێخست به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناوه‌نده‌که هه‌ر ئه‌مڕۆ نه‌ سبه‌یی پێ ده‌کرا. سێ جار پرۆژه‌که‌مان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بزر بوو، هه‌موو جارێ نوسخه‌یه‌کی ترمان ده‌نارد تا له‌ کۆتاییدا وه‌زیری وه‌رزش و لاوان نامه‌ی تایبه‌تی داینێ. له‌ وزاره‌تی ناوخۆ وتیان سێ نوسخه‌ی پرۆژه‌که‌تان بێنن. لێژنه‌یه‌کی سێ که‌سی که‌ به‌رپرسی ڕێکخراوه‌کاب بوون هه‌ر سێکیان ڕازی بوون به‌ دامه‌زراندنی ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌ڵام هه‌موو ئه‌و کارانه‌ ساڵێکی خایاند. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ سه‌ره‌تای مانگی دسامبه‌ری 2007 (واته‌ ئه‌م مانگه‌) ڕێکه‌تنامه‌ی خانوومان ته‌واو بوو، خاوه‌ن ماڵیش کرێ خانووی زیاد ده‌کرد. ئێمه‌ش که‌ تا ئێستا پێنج هه‌زار دۆلار(&5000) قه‌رزار بووین و نه‌مانده‌توانی کرێ خانوو بده‌ین خانوومان گواسته‌وه‌ بۆ ئاپارتمانێکی دوو ژووری که‌ نه‌ کاره‌بای هه‌یه‌و نه‌ ئینتێرنێت، نزیک ده‌ ڕۆژ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌مان وه‌ستا. به‌ ته‌ما بووین ده‌ست به‌ کار بینه‌وه‌و خه‌ر‌یک بووین کاره‌بامان ڕاده‌کێشا که‌ خه‌به‌رمان زانی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پرۆژه‌ی ناوه‌نده‌که‌مان ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ماینه‌وه‌و کۆڵێ قه‌رزاری و گیرفانێکی خاڵی و ماڵپه‌ڕێکی وه‌ستاو. له‌ ماوه‌ی ئه‌م یه‌ک ساڵه‌دا ئێمه‌ به‌ ته‌مای بوودجه‌ی ناوه‌ند قه‌رزمان ده‌کرد ئیتر بۆ له‌مه‌و دوا ناتوانین قه‌رزیش بکه‌ین.

- له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ماڵپه‌ڕی خۆرهه‌ڵاتدا، دابه‌شکردنی کار هه‌یه‌؟ به‌ چ شێوه‌یه‌ک‌؟

- به‌ڵێ هه‌بوو. له‌ ڕاستیدا فیرووز مه‌یحه‌می به‌رپرسی گشتیی ماڵپه‌ڕ بوو، چونکه‌ خۆی مامۆستای ڕاگه‌یاندن بوو، منیش به‌رپرسی فه‌ننی ماڵپه‌ڕ بووم. فیرووز و هێرش زیاتر هه‌واڵیان ئاماده‌ ده‌کرد، منیش پیایدا ده‌چوومه‌ه‌و له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ دامده‌نا. کاک فه‌رهاد زیاتر وتاری وه‌رده‌گێڕا. بۆ ویراستاریش ئه‌وه‌نده‌ من له‌ ماڵ بوومایه‌ خۆم ویراستار بووم هه‌ر کاتێکیش من نه‌بوومایه‌ کاک فه‌رهاد ویرستاری ده‌کرد. ناسریش هەم کاری تایپی وتارەکان و دابەزاندن و تایپی  دیمانەکانی دەکرد و هەم لەو مانگانەی دوایی دا بە شارەزا بوو لە کار و باری تەکنیکیی ماڵپەڕەکە، کاری دانانی هەواڵەکانیشی وە ئەستۆ گرتبوو. به‌شی فارسی خۆرهه‌ڵات نیوزیش له‌ سلێمانیه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌کراو موحه‌مه‌دی ئیزه‌دی و له‌یلا حه‌سه‌نپوور زه‌حمه‌تی ئه‌و به‌شه‌یان ده‌کێشا.

- که‌ڵک وه‌ر گرتن له‌ ئینترنێت وه‌کوو ڕێگایه‌کی مودێڕنی ڕاگه‌یاندن له‌ جیهان دا ئێستا باوه‌، زۆر ماڵپه‌ڕیش هه‌ن که‌ وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی باوڕپێکراو پشتی پێ ده‌به‌سترێت. ئایا خۆرهه‌ڵات نیوز توانیویه‌تی وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌ک باوه‌ڕ پێکراو بۆ هه‌وال خۆی بناسێنێت؟ ده‌نگۆی ڕای خه‌ڵک چۆن ده‌گاته‌وه گوێتان؟

- به‌ڵێ توانیویه‌تی. به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ن شتێکه‌، ئه‌وه‌ی که‌ گه‌لێک ده‌زگای ڕاگه‌یاندن هه‌واڵیان به‌ نه‌‌قڵ له‌ خۆرهه‌ڵات نیوز بڵاو کردوه‌ته‌وه‌و پشتیان به‌ هه‌واڵه‌کانی به‌ستوه‌، هه‌ر له‌ ڕادیۆ نه‌واو زاگرۆس تیڤیو تیشک تیڤی و ڕۆژهه‌ڵات تیڤی بگره‌ تاکوو VOA  و ده‌زگا هه‌واڵنێریه‌ فارسیه‌کان. له‌ نێو ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی کارمان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرد ئێمه‌ تاکه‌ ماڵپه‌ڕێک بووین که‌ زۆرترین بینه‌رمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بوو، ڕێژه‌ی ۴۹٪ بینه‌ره‌کان و خوێنه‌ره‌کانمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ بوون. ئێمه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌مان له‌ ڕێگای ماڵپه‌ڕی alex ه‌وه‌ بۆ ده‌رده‌که‌وت، ۱۵٪ باشووری کوردستان، ۱۵٪ له‌ ئه‌مریکاوه‌و ئه‌وه‌لاشی له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپاوه‌ بوو. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ماڵپه‌ڕکانی هاوشێوه‌ی ئێمه‌ که‌ ته‌مه‌نیان له‌ ئێمه‌ش زیاتر بوو له‌ باشووری کوردستان خوێنه‌ریان ئه‌وه‌نده‌ که‌م بوو  alexنیشانی نه‌ده‌داو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ۲۰٪.

- خۆتان هۆکاری ئه‌م خاڵه‌ سه‌رکه‌وتوه‌ به‌ چی ده‌زانن؟

- هۆکاره‌کانی جیاوازه‌. به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕاستگۆیی خۆرهه‌ڵات، ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ ئاماده‌ نوبووین به‌ نرخی بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێک خوێنه‌ر زیاد بکه‌ین. بۆ وێنه‌ چوار مانگی یه‌که‌م که‌ حیزبی دیموکرات بوو به‌ دوو حیزب ئێمه‌ هیچ هه‌واڵێکمان له‌ کێشه‌کانی ناو حزب بڵاو نه‌کرده‌وه‌. ئێمه‌ یه‌ک ئامانجمان بوو ئه‌ویش گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاری دروست بوو. به‌ ته‌مای لایانگری له‌ که‌س نه‌بووین. ئه‌و قسه‌و باس و شه‌ڕو پێکدادانه‌ی که‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو حزبه‌دا ڕووی دا ده‌یتوانی بۆ ئێمه‌ ببێته‌ بابه‌تێ بۆ بازاڕ گه‌رمی، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان نه‌کرد. پاشان له‌ وتارێکدا بڵاومان کرده‌وه‌ که‌  ئێمه‌ بۆ باسی ئه‌و کێشانه‌مان نه‌کردوه‌و ڕامان گه‌یاند که‌ له‌مه‌و دوا وه‌ک دوو حزب به‌ بێ جیاوازی هه‌ڵسوکه‌تیان له‌ گه‌ڵ ده‌که‌ین. به‌شێکی تریشی  دگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خۆرهه‌ڵات نیوز ڕۆژانه‌ نوێ ده‌کرایه‌وه‌ سه‌رنجی ده‌دایه‌ گرینگترین هه‌واڵه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌ کوردستان و ئێران و ناوچه‌که‌.

- ئایا خۆرهه‌ڵای نیوز هه‌ڵوێستێکی سیاسی یان حزبی تایبه‌تی هه‌یه‌؟

- ئه‌وه‌یان ده‌بێ له‌و بابه‌تانه‌ی له‌ خۆرهه‌ڵاتدا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ بیدۆزنه‌وه‌. کرده‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ به‌رده‌ستان، ئایا هه‌ڵوێستی حزبی له‌ خۆرهه‌ڵات نیوزدا ده‌بینن؟

ئه‌گه‌ریش جاروبار بووبێت ڕه‌نگه‌ نا ڕاسته‌و خۆ و نه‌خوازراو بووبێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ جیا له‌ فیرووز (که‌ ئه‌ندامی هچ حزبێک نه‌بوه‌) ئه‌و که‌سانه‌ی تر که‌ له‌ خۆرهه‌ڵات نیوز کاریان ده‌کرد هه‌موویان پێشتر پێشمه‌رگه‌ یان ئه‌ندامی حزبی دیموکرات بوون. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵمان داوه‌ هه‌موو حزبه‌کان به‌ یه‌ک چاو سه‌یر بکه‌ین و کاره‌که‌مان ته‌نیا ڕاگه‌یاندنه‌ به‌ بێ لایانگری له‌ لایه‌نێکی تایبه‌ت.

- سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌کانی خۆرهه‌ڵات نیوز کوێیه‌؟ ئایا هه‌واڵنێری تایبه‌تی هه‌یه‌؟

- به‌شێک له‌ هه‌واڵه‌کانمان هه‌ر له‌ ئاژانسه‌ جیهانیه‌کانه‌وه‌ له‌ فارسی و ئینگلیسیه‌وه‌ وه‌رده‌گێڕا. به‌شێک له‌ هه‌واڵه‌کانی ناخۆی کوردستانمان له‌ ڕێگای دۆستانمانه‌وه‌ به‌ ده‌ست ده‌گه‌یشت که‌ خۆ به‌خشانه‌ وه‌ک هه‌واڵنێر کاریان له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌کرد.

- واته‌ هه‌واڵنێری ڕه‌سمی نه‌بوون؟

- نه‌، ئێمه‌ ماڵپه‌ڕێکی ڕه‌سمی نه‌بووین تا بتوانین هه‌واڵنێری ڕه‌سمیمان هه‌بێ. چونکه‌ وه‌ک باسم کرد ناوه‌نده‌که‌مان وه‌ڕێ نه‌که‌وت.

- ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌چێت خۆرهه‌ڵات نیوز به‌ کرده‌وه‌ وه‌ستاوه‌، به‌و شتانه‌ی باست کرد سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌نده‌که‌ ده‌توانین بڵێین هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م ڕاوه‌ستانه‌ باری ئابووری ماڵپه‌ڕه‌که‌یه‌؟

- به‌ڵێ، له‌ سه‌دا سه‌د وایه‌. ئێستاش ئه‌گه‌ر ناوه‌نده‌کانی حوکوومه‌تی وNGO  کان له‌ ئه‌ورووپا یارمه‌تیمان بده‌ن درێژه‌ به‌ کار ده‌ده‌ین و هیچ موشکیله‌یه‌کی ترمان نیه‌.

- تکایه‌ ئه‌و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ زیاتر ورد بکه‌نه‌وه‌. مه‌به‌ستم باری مادی ماڵپه‌ڕه‌که‌یه‌، ئێوه‌ پاره‌تان بۆ به‌ڕێوه‌به‌ران پێویسته‌، بۆ باری فه‌ننی ماڵپه‌ڕه‌که‌؟ یان.....؟

- ئه‌و خانوه‌ی ئێمه‌ به‌ کرێمان گرتبوو کرێکه‌ی مانگی ۶۵۰ دۆلار بوو که‌ ئه‌مساڵ داوای  ۸۰۰دۆلاری ده‌کرد، ئه‌و ماڵه‌ش که‌ ئێستا گرتوومانه‌ دوو ژووره‌ به‌ ۵۰۰ دۆلار. ئێمە مانگێ 100 دۆلارمان بۆ ئینتێرنێت دەوێ. مانگێکی تر دەبێ پارەی سێروێر بۆ ساڵێکی تر بدەین کە ئەویش ۶۰۰ دۆلاری دەوێ و ۲۰۰ دۆلاری پارەکەش قەرزدارین و زۆر وردە خەرجی تریش بۆ وێنە یەک بەرمیل نەوت بە ۱۰۰ دۆلارە.

 

- یانێ خانوویه‌کی تایبه‌تی پێویست بوو؟

به‌ڵێ پێویستی بوو. ده‌بێ شوێنێک هه‌بێت که‌ ئێمه‌ کاری تێدا بکه‌ین.

- خۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ماڵپه‌ڕیش نه‌نووسن هه‌ر خانووتان پێویسته‌!

- نه‌، ئه‌گه‌ر ماڵپه‌ڕ نه‌بێت من و فیرووز ده‌چینه‌ خه‌وگه‌ی مامۆستایان، کوڕه‌کانی تریش هه‌رکامیان ده‌چنه‌ خه‌وگه‌یه‌ک.

- ده‌ی هه‌ر له‌وێ کار نه‌ده‌کرا؟ مه‌به‌ستم خه‌وگه‌ی مامۆستایانه‌ یان ئه‌بێ هه‌ر به‌یه‌که‌وه‌ بن؟

- نه‌ ناکرێ، موشکیله‌ی کاره‌با له‌ لایه‌ک و ئینترنێت له‌ لایه‌ک. لێره‌ ده‌بێت له‌ شوێنێک بیت به‌رده‌وام کاره‌بای هه‌بێت. ئێمه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌ ناوی ماڵپه‌ڕه‌که‌مانه‌وه‌و به‌ پشتگیری وه‌زاره‌ت (به‌ شێوه‌ی کاتی) کاره‌بای به‌رده‌وامیان پێ دابووین. هەر وەها وەک باسم کرد ئێمە دابەشکردنی کارمان هەبوو. بۆ وێنە فیرووز کە بەرپرسی ماڵپەڕ بوو و هیچ بابەتێک بێ پەسندی ئەو نەدەچووە سەر ماڵپەڕ، خۆی تەنیا خەبەری دادەڕشت. لە بەشی تەکنیکی و فەننی دا هیچی نەدەزانی و نەیدەتوانی یەک بابەتیش دانێ. کوردییەکەشی زۆر باش نەبوو و بابەتەکانی ئەو حەتمەن پێویستییان بە پێداچوونەوە هەبوو. هێرشیش کە هەواڵی ئامادە دەکرد خۆی نەیدەزانی دایاننێ.ناسر کە لە بواری فەننی شارەزا بوو و لە تایپیش دا زۆر خێرا بوو لە داڕشتنی هەواڵ و وەرگێڕانی بابەت هیچی نەدەزانی . کاک فەرهاد هەر وەرگێڕانی دەکرد و تەنانەت تایپی نەدەزانی و قەت لە پشت کۆمپیوتەر داەدەنیشت. لەو نێوەدا دەتوانم بڵێم تەنیا من هەموو کارەکانم دەزانی و بە تەنیا دەمتوانی کار بکەم. هەم هەواڵ ئامادە بکەم و هەم بە کوردییەکەی دا بچمەوە و هەم لە سەر ماڵپەڕەکە داینێم و گرفتە تەکنیکییەکان چارەسەر بکەم. مەبەستم ئەوەیە ئەو گروپە بە یەکەوە دەمانتوانی کاری یەکتر تەواو بکەین . ئەگەر لەیەک جیا بینەوە هیچ کام لە کوڕەکانی تر ناتوانن زۆر بەسوود بن. کەسانێکیش کە بتوانن هەموو ئەو کارانە بکەن بێ پارە نایکەن. ئێمەش هەموومان خۆویستانە و خۆبەخشانە کارمان دەکرد و بۆیە بە درێژەی کارەکەمان پێویستە پێکەوە بین.

- به‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌وه‌ تا چه‌ند ئومێدتان هه‌یه‌ به‌ دووباره‌ ڕێکه‌وتنه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی خۆرهه‌ڵای نیوز؟

- ڕاستیه‌که‌ی من خۆم به‌ ته‌واوی بێ هیوا بووم، پێم وانیه‌ سه‌ربگرێته‌وه‌!!! بەڵام کوڕەکانی تر هەر هیوادارن و سوورن لەسەر ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێ خۆرهەڵات نیوز درێژە پێ بدەین.

 

- ئێستا ناکرێت خۆرهه‌ڵای نیوز له‌و ناوه‌نده‌ جودا بکرێته‌وه‌؟ به‌ جودا داوای بوودجه‌ بکه‌ن بۆ ماڵپه‌ڕه‌که‌؟

- ئه‌و‌ داخوازیه‌مان کردوه‌، له‌ وه‌ڵامدا وتیان بۆ دانانی ماڵپه‌ڕ پێویستی به‌ ئیجازه‌ی حکوومه‌ت نیه‌ هه‌ر بۆیه‌ حکوومه‌ت هیچ یارمه‌تیه‌ک نادات.

- ئه‌ی بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕاگه‌یاندنێک ده‌ربکه‌ن و تێیدا داوا له‌ هه‌موو کوردان بکه‌ن بۆ یارمه‌تی مادی، یان ئه‌وه‌ی بیده‌نه‌ ده‌ست، ده‌سته‌یه‌کی تر که‌ ئیمکاناتی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌؟

- ئێمه‌ به‌ ته‌ماین له‌م ڕۆژانه‌دا ڕاگه‌یاندنێک ده‌ربکه‌ین و تێیدا هۆکاری وه‌ستانی خۆرهه‌ڵای نیوز ڕوونبکه‌ینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر که‌سانێک ئاماده‌ بن درێژه‌ به‌و کاره‌ بده‌ن ئێمه‌ ئاماده‌ین بیده‌ینه‌ ده‌ست که‌سانێکی تر به‌ مه‌رجێک به‌ڵێن بده‌ن خۆرهه‌ڵات نیوز به‌ سه‌ربه‌خیی بمێنێته‌وه‌و ته‌نیا له‌ بیری به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییدا بێت. ئاماده‌ین بیسپێرین به‌ که‌سانێکی تر به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و که‌سانه‌ لانی که‌م بۆ ئێمه‌ ناسراو بن و دڵنیا بین که‌ به‌رهه‌می یه‌ک ساڵ ژیانی ئێمه‌ نه‌خرێته‌ خزمه‌ت تاقمێک یان گورووپێک یان حزبێکی تایبه‌ته‌وه‌.

- تا چه‌ند گرێدراویی ئیحساسیتان هه‌یه‌ به‌ خۆرهه‌ڵات نیوزه‌وه‌؟

- زۆر زۆر زۆر . هه‌موو کوڕه‌کان ئه‌و ماوه‌یه‌ که‌ نه‌مانتوانیوه‌ کار بکه‌ین هه‌ست به‌ خه‌مێکی قورس ده‌که‌ین. من بۆ خۆم یه‌ک ساڵه‌ هه‌موو شتێکم  بۆ ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ داناوه‌.

- من به‌راوردی ئه‌که‌م له‌ گه‌ڵ دایک یان باوکێک که‌ مناڵه‌که‌ی گه‌وره‌ کردوه‌!

- ڕێک وایه‌. به‌راوردی بکه‌ له‌ گه‌ڵ په‌یکه‌ر تاشێک که‌ یه‌ک ساڵ خه‌ریکی تاشینی  په‌یکه‌رێ بوه‌ له‌ مه‌ڕمه‌ڕ. به‌ڵام ده‌بێ بیداته‌وه‌ له‌ قه‌رزی ناندا، ده‌بێ بیدا به‌ میوه‌ فرۆشێک له‌ قه‌رزی دوو کیلۆ ته‌ماته‌دا. به‌ڵام با یه‌ک شت تر  بڵێم کاتێ له‌ خۆرهه‌ڵات نیوز کارمان ده‌کرد وامانده‌زانی پێشمه‌رگه‌ین.

- وه‌کوو ئاخر په‌یام چیت هه‌یه‌ بۆ خوێنه‌رانی خۆرهه‌ڵات نیوز؟

- ده‌ڵێم ڕێگا زۆره‌ بۆ خزمه‌ت کردن به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی و ڕۆژێک له‌ خۆرهه‌ڵات نیوز شتێکم کردبێ ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی بوه‌. ئێستاش ئه‌گه‌ر خۆرهه‌ڵات نیوزیش نه‌بێت کورد هه‌یه‌و من و کوڕه‌کانی تریش. دڵسارد نابینه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌ین.

- زۆر سپاس له‌وه‌ی که‌ بایه‌خت به‌ پرسیاره‌کانم داو و وه‌ڵامیشت دایه‌وه‌.

- سپاس بۆ تۆش که‌ خۆت و وێبلاگه‌که‌ت ئه‌و ماوه‌یه‌ دۆست و هاوکاری خۆرهه‌ڵای نیوز بوون.

ناوه‌ندی خۆرهه‌ڵاتینوێ بۆ دیموکراسی داوای کاره‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی کاره‌بای هولێر

+ نووسراوه‌ له‌ لایه‌ن بنار له‌ Wed 26 Dec 2007 |