"که‌ریم ئابخوون" خه‌ڵکی ئاوایی گرده ڕه‌ش (گوندێک له نێوان مه‌هاباد و میاندواو) سه‌ر به قه‌زای میاندواو، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه ۷ی سه‌رماوه‌ز که له پاسگای هێزی ئینتیزامیی میاندواو سه‌رباز بوه به ده‌ستی ئه‌فسه‌رێکی هه‌مان پاسگا ده‌کوژرێت.
هۆکاری کوشتنی که‌ریم مشت و مڕێکی زۆر ئاسایی بوه؛ ئه‌فسه‌ری بکوژ که بۆ خۆی له تورکه‌کانی میاندواوه فه‌رمانی به که‌ریم داوه که بڕوات شتێکی بۆ بهێنێت، که‌ریمیش فه‌رمانه‌که‌ی به جێ هێناوه به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌که به بیانووی ئه‌وه‌ی که که‌ریم به شێوه‌یه‌کی ناخۆش ئه‌و شته‌ی ته‌حویل داوه، کۆڵته که‌مه‌ریه‌که‌ی خۆی ده‌رده‌هێنێت و هه‌رله‌وێدا به ته‌قاندنی یه‌ک گوله ده‌یکوژێت.
شایانی باسه له کاتی کوشتنی که‌ریم دا سه‌ربازی تریش له‌وێدا شایه‌د حاڵی ڕووداوه‌که بوون و ڕاشیان گه‌یاندوه ئاماده‌ن له هه‌ر کاتێکدا پێویست بوو له دادگادا شایه‌دی خۆیان بده‌ن.ئه‌فسه‌ری بکوژ ئێستا به شێوه‌ی کاتی به‌ند کراوه‌و له لێپرسینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کاندا دیان به‌وه‌دا ناوه که ئه‌و ته‌قه‌ی له‌و سه‌ربازه کردوه به‌ڵام مه‌به‌ستی کوشتن نه‌بوه.
ته‌رمی که‌ریم توێکاری کراوه‌ته‌وه به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامه‌که‌ی ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه، هه‌روه‌ها به بنه‌ماڵه‌ی که‌ریم پێشنیار کراوه که ئێوه ده‌که‌ین به بنه‌ماڵه‌ی بونیاد شه‌هید، یان ئه‌وه‌ی که دیه‌تان پێ ئه‌ده‌ین و به کورتی ئه‌یانه‌وێت به جۆرێک ڕووداوه‌که به پاره‌و شتی وا ته‌واو بکه‌ن.
وه‌ک ئه‌زانین له‌م ماوه‌یه‌ی دوایی‌دا ناکۆکی نێوان کوردان و تورکه‌کان زۆر بوه‌و سووکایه‌تی به گه‌لی کورد له لایه‌ن تورکه‌کانی ورمێوه به تایبه‌ت ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندوه، بۆیه پێده‌چێت ئه‌م ڕووداوه‌ش درێژه‌ی ئه‌و کێشانه بێت که له شوێنه‌کانی تر دروست بوه.
هه‌واڵنێر: کاردۆ مه‌ریوانی
+ نووسراوه له لایه‌ن بنار له
Sat 1 Dec 2007 |