ئه‌و کاته‌ی شێتێ ته‌نیا ده‌که‌وێت
له‌م ڕۆژگاره خه‌یاڵ قڕانه‌دا هه‌موومان مه‌حکوومین به ژیانی جدی.
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
حه‌یات سه‌عا مردوه ...
کام مه‌ریوانی هه‌یه ته‌نها بۆ جارێکیش بووبێت ئه‌و ڕسته‌یه نه‌بیستبێت؟ یان له‌وانه‌یشه خۆی وتبێتی!
حه‌یات پیره کچێکی هه‌ورامیه که ساڵانێکی دوور‌و درێژه له مه‌ریواندا ئه‌ژی. ئه‌و له دنیایه‌کی خه‌یاڵیدا که خۆی دروستی کردوه بۆ خۆی ده‌ژی. له دنیاکه‌ی خۆیدا که‌سێک به ناوی سه‌عا برایه‌تی و به‌و پێه‌ش براژن و برازایشی هه‌یه. له دنیای ڕاستیشدا سه‌عا هه‌یه به‌ڵام هیچ پێوه‌ندیه‌کی به حه‌یاته‌وه نیه. به‌ڵام ئه‌و هه‌ر سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌عا برایه‌تی. چه‌ند ساڵ له‌مه‌و پێش که‌ریمیش برای بوو، واته هه‌ر به‌و شێوه‌ی که سه‌عای کردبوه برای خۆی، که‌ریم ناوێکیشی به برا دانابوو.
ئه‌یگێڕنه‌وه که گوایه حه‌یات کاتی خۆی جارێکیان شووی کردوه، به‌ڵام شه‌وی زه‌ماوه‌نده‌که‌ی کاتێ زاوا ویستوویه‌تی له‌گه‌لی بخه‌وێت هاواری کردوه که خه‌ڵکه ئه‌م کابرایه ده‌یه‌وێ ئیشی خراپم له‌گه‌ڵ بکات و دواتریش له‌ده‌ستی هه‌ڵاتوه‌و ئیتر بۆ له‌وه‌ودوا حه‌یات قه‌د شووی نه‌کردوه.
پێستێکی ئه‌ستوورو سه‌وزه‌ی هه‌یه، کاتێ له که‌سێک ده‌ڕوانێ چاوی مژمۆڵ ده‌کاته‌وه، ئه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ تۆ ئه‌دوێت و ناشدوێت یان به پێچه‌وانه‌وه. هه‌میشه گله‌یی هه‌یه که گوایه سه‌عای برای لێی ده‌دا، ئه‌ڵێ ئه‌ها قاچم که‌وه بوه‌ته‌وه، سه‌یرکه باڵم چی لێ هاتوه... ئه‌ڵێ هه‌موو ئێواره‌یه‌ک سه‌عا لێم ده‌دا؛
ئه‌زانم هیی چیه براژنم فیتنه‌ییم ده‌کات، ئا هیی ئه‌وه‌یه ئه‌گینا کاکه سه‌عام ئه‌وه‌نده خراپ نیه.
تا ئاستی مردن براکه‌ی خۆش ده‌وێ هه‌رچیش لێیبات و ئه‌زیه‌تی بکات هه‌ر خۆشی ده‌وێت.
زۆر له مێژه مناڵانی شار به خه‌به‌ری درۆیینی مردنی براکه‌ی یان براکانی تووڕه‌ی ده‌که‌ن؛
حه‌یات سه‌عا مردوه
حه‌یات که‌ریم مردوه
حه‌یات کاتێ ئه‌مه ده‌بیستێ به به‌رد ده‌نێت به شوێنیانه‌وه، هه‌ر مناڵێکی به‌ر په‌ل بکه‌وێت لێی ده‌داو ده‌یکاته گریان. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ته‌نها بۆ مناڵان نیه به‌ڵکوو گه‌وره‌کانیش هه‌ر به‌وه تووڕه‌ی ده‌که‌ن، کاتی وا هه‌یه که زۆر تووڕه ده‌بێ شیشه‌ی ماڵ و دووکان یان هیی ماشین ده‌شکێنێت.
به هاوین و زستان دوو کۆتی له‌به‌ردایه یه‌کیان سوورێکی گه‌شه‌و ئه‌وی تریان نه‌ختێ کاڵتر، هه‌ریه‌که‌و دوو سێ گیرفانی گه‌وره گه‌وره‌ی هه‌یه که هه‌میشه پڕیه له خوارده‌مه‌نی ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک بۆ خواردنی خۆی، ئه‌و ده‌ڵێ بۆ مناڵه‌کانی سه‌عای ده‌به‌مه‌وه. کراسه کوردیه‌که‌ی به‌ری هه‌ندێ جار ئاڵه‌و هه‌ندێ جار که‌وه‌یه‌کی کاڵ. هه‌میشه که‌وشی پیاوانه له پێ ده‌کات، قاچه‌کانی زل زل و قڵیش قڵیش وه‌ک قاچی پیاوی فه‌لا، ده‌سته‌کانی زبر وه‌ک ده‌ستی کرێکار.
وه‌ک ڕاستیه‌ک گه‌وره‌و چکۆله‌و ژن و پیاو و کچ و کوڕی ئه‌م شاره له هه‌ر چینێکه‌وه بگره له حه‌یات ده‌ترسن. ته‌نانه‌ت هه‌موو شێته‌کانی تری شار. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه دایک و باوکان بۆ ترساندنی مناڵه‌کانیان له حه‌یات که‌ڵک وه‌ر ده‌گرن.
مه‌ڕۆ ده‌رۆ حه‌یات لێت ده‌دا.
فڵانه کار مه‌که ئه‌گینا حه‌یاتت بۆ بانگ ده‌که‌م.
فڵان شت نه‌خۆی یان فڵان شت بخۆی حه‌یاتت بۆ بانگ ده‌که‌م.
..............
جا سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌و مناڵانه‌ی که‌وا دایک و باوکیان به حه‌یات ده‌یانترساندن ئێستا خۆشیان مناڵه‌کانیان به حه‌یات ده‌ترسێنن. حه‌یات بۆ مناڵانی مه‌ریوانی ڕۆڵی گورگانه شه‌وێی زوو ده‌گێڕێ. به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم حه‌یات ده‌وری ڕاسته‌وخۆی هه‌بوه له په‌روه‌رده‌ی مناڵانی مه‌ریوانیدا.
له ناو گه‌وره‌کانیشدا حه‌یات هه‌ندێ جار ده‌بێته سه‌رگه‌رمی و ڕابواردنی خه‌ڵکانی بازاڕی. ئه‌وان کاتێ بێکارن حه‌یات ده‌دوێنن و تووڕه‌ی ده‌که‌ن یان ته‌له‌فوونی پێ ئه‌ده‌ن و ئه‌ڵێن سه‌عا له‌وبه‌ری هێڵه‌وه‌یه فه‌رموو قسه بکه ، ئه‌ویش هه‌رکه‌س له‌وبه‌ری ته‌له‌فوونه‌وه بێت به سه‌عای ده‌زانێ، بۆیه ده‌ست ئه‌کا به قسه کردن و گله‌یی و بناشت و زۆر وته‌ی تر، کاتی وا هه‌یه 2 کاتژمێر قسه‌ی هه‌یه بۆ سه‌عای برای.
حه‌یات قاتعانهو سه‌رسه‌ختانه باوه‌ڕی هه‌یه به دنیاکه‌ی خۆی، له درێژه‌ی ئه‌م دوو ده‌یه‌دا یه‌ک زه‌ڕه گومان ڕه‌خنه‌ی نه‌کردوه‌ته باوه‌ڕه‌کانی، بگره دنیاکه‌شی به‌رفراوانتر کردوه، به بڕوای ئه‌و ئێستا سه‌عا هه‌رزه کار‌و گه‌وره کچی هه‌یه.
به‌ڵام ئێستا حه‌یات پیر بوه، قه‌یره کچێکی ماندوو که له خه‌م و خه‌فه‌ت دا خه‌ریکه بخنکێ. ئاخر ئه‌ڵێن شێت خه‌فه‌تی نیه! باوه‌ڕتان بێ حه‌یات به‌قه‌ده‌ر هه‌موو دونیا خه‌فه‌تی هه‌یه، خۆ جارانیش هه‌ر بووی به‌ڵام لانی که‌م خه‌ڵک تاقه‌تیان بوو گوێ گرن له وته‌ی دڵی، لانی که‌م شێته هاودهورهکانی خۆی هه‌بوون و دونیایه‌کی خۆشیان بۆ خۆیان دروست ده‌کرد.
حه‌یات به مردنی *هه‌په به تایبه‌ت زۆر لێی قه‌وما، هه‌ستی به دڵته‌نگیه‌کی زۆر کرد‌و خۆی له دنیایه‌کی بێ هاوڕێدا بینی. په‌شیمانه، په‌شیمانه له‌وه‌ی که ڕاوی ده‌نا له‌م چوارڕێ بۆ ئه‌و چوارڕێ، په‌شیمانه له‌وه‌ی ده‌یبه‌سته‌وه به تاڵه ده‌زوویه‌ک له به‌یانیه‌وه تا ئێواره.
ت
ا زه‌مانێ زه‌مانی بوو ژن و مناڵ و پیاوی گه‌ڕه‌کێکی ده‌کرده کون، جا بۆ نێر هه‌بوو له په‌نجه‌ره‌شه‌وه فزه بکات! که‌ی حه‌یات ئه‌وه بوو دوو سێ مناڵه سوسولی گه‌ڕه‌کی موعهلمان گه‌مه‌ی پێ بکه‌ن، ئه‌و له‌گه‌ڵ دینارفرۆشه‌کانی مه‌یدانی ئیستادیۆم زۆرانی ده‌گرت، زیاتر له 400 تا 500 دینارفرۆش له‌وێدا بوون کاتێ مه‌یلی لێی بوایه‌ت هه‌ر هه‌موویانی به جارێ ڕاودهناو مه‌یدانی چۆڵ چۆڵ ده‌کردو به ته‌نیا ده‌مایه‌وه.
ئاخر حه‌یات ئه‌م مناڵه ورتکانهی ئێستا هاتوون (شێتانی تازه) به هاوشانی خۆی نازانێت له ڕاستیدا حه‌یات سه‌ر به مه‌کته‌بێکی شێتی بوو که ئێستا تاق بۆ خۆی ماوه‌ته‌وه، هه‌موویان یان مردون یان ته‌سلیمی دنیای واقع بوون یان پیر و په‌ککه‌وته له ماڵه‌وه که‌وتوون، ته‌نیاو ته‌نیا خه‌ریکه ئیدۆلۆژی بیرێک له گه‌ڵ خۆی ڕاده‌کێشت، قاچه‌کانی کفت، لێوه‌کانی وشک و شانی قورس و هه‌ناسه‌ی بڕاو ... و ... خه‌ریکه ده‌ڕوات.
به‌ڵام ئه‌مجاره حه‌یات قه‌د که‌یفی به چۆڵ کردنی مه‌یدانه‌که نه‌هاتوه، ڕۆژانه ملی ڕێی زرێبار ده‌گرێت و ورته ورت و له ژێر لچه‌وه به زاراوه‌ی هه‌ورامی به باڵای سه‌عای برایدا گۆرانی ئه‌ڵێت.
--------------------------------------------------------
*یه‌ک له‌و شێتانه‌ی که شه‌پۆلێکی نوێی له ڕه‌وتی شێتیگهری مه‌ریواندا دانا، تا ئه‌و ئاسته‌ی که دوای خۆیشی مه‌کته‌بی ههپهئیسم هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه.
+ نووسراوه له لایه‌ن بنار له
Sun 9 Aug 2009 |